LSE - Small Logo
LSE - Small Logo

Isabel Käser

Houzan Mahmoud

August 7th, 2023

پەرش و بڵاوێتیی فێمێنیزم، هونەر و چالاکگەریی لە کوردستانی عێراق

0 comments | 2 shares

Estimated reading time: 8 minutes

Isabel Käser

Houzan Mahmoud

August 7th, 2023

پەرش و بڵاوێتیی فێمێنیزم، هونەر و چالاکگەریی لە کوردستانی عێراق

0 comments | 2 shares

Estimated reading time: 8 minutes

ئیزابێل کایسەر و هۆزان مەحموود

Sonia Basheer, ‘Telepathy’, oil on canvas, 2021.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان وەها بەکۆمەڵایەتی دەکرێن کەوا باوەڕ بکەن ئێمە دەبێ لەگەڵ پیاوێکدا بژین، ئەگینا ئێمە ناتەواودەبین.”(سۆنیا بەشیر، هەولێر، ١٦ی نیسانی ٢٠٢٢) کارە هونەرییەکەی سۆنیا بەشیر شێوەکاری دانیشتووی شاری هەولێر، بەرخۆدانی ژنان وێنا دەکات کە داوای جەستە، شوێن و کات بۆ خۆیان  دەکەن. ژنەکانی نێو دوایەمین پێشانگەکەی ئەو بە پەرداخێک شەرابەوە خەریکی جگەرەکێشان و بەزۆری بە تەنیا پیشان دەدرێن. سۆنیا توانی لە یەکێک لە کارگەکاندا بەشداری بکات کە ئێمە لە نیسانی ٢٠٢٢ ڕێکمان خستبوو، نزیکەی ٣٥ چالاکوانی فێمێنیست و هونەرمەندی گەنج لە دهۆک، هەولێر و سلێمانیمان پێکەوە بۆ ماوەی ڕۆژێک کۆکردەوە, تاکوو ئاڵوگۆڕ و هاوکاری بکەن. لە ۆرکشۆپەکاندا بەشداربووان بانگهێشتکرابوون بۆ گەڕان بەدوای  ڕووەکانی هونەری فێمێنیستی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پاشان بەسەر گروپگەلی کارکردندا دابەشکران، بۆ ئەوەی ئەزموونی زێدە بەهای هاوکاری نێوان ڕووە جیاوازەکانی چالاکیگەری بکەن. هۆزانڤانەکان لەگەڵ هونەرمەندانی پێرفۆرمانس، چالاکوانانی فێرخوازان و موزیکژەنان کاریان دەکرد، پێکەوە ئیلوسترەیشنیان دەئافراند، کورتە چیرۆکیان دەنووسی، یان لەبارەی ئەو تێمایانەی کە شێوەیان بە ژیانی ڕۆژانە و کارکردنیان داوە، کەمپەینی سیاسیان گەڵاڵە دەکرد. لە هەر شارێک بابەتی جیاواز دەردەکەوتن، بەڵام ئەو تەحەدا سەرەکییەکانەی وا لەناو هاوکاریکردن و لە ئەنجامی گفتوگۆکانەوە دەهێنرانە پێشەوە و بەکێشە دەکران، بریتی بوون لە گەشەکردنی نوێ-لیبڕاڵ/ بەئەهلی‌كردن و نەریتی خزمپەرستی (nepotism)، دابەشبوون و جەمسەربەندی فێمێنیزم، سەرهەڵدانی کۆنەپارێزیی ئاینی و کۆنتڕۆڵی پیاوان بەسەر جەستەی ژنانەوە بۆ نموونە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و زایەند.

خوێندکارێکی چالاکوان لە ۆرکشۆپەکەی هەولێر وتی ”لێرە هیچ شوێنێک بۆ ئێمە نییە کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر بەرین. نە ناوەندی گەنجان، هونەر یان جڤاتی، نە خانەی ئۆپێرا بوونیان نییە”. لە درێژەدا لەبارەی کەمی وەبەرهێنان لە کەرتی کولتووری و شوێنی گشتیدا قسەی کرد. هەر پەیوەست بەمەوە بابەتێکی گرنگی گفتوگۆکردن بریتی بوو لە گەشەی ڕەهای سەرمایەداری و بەتایبەتیکردنی فەزای گشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەو خزمپەرستییەی کە زەمانەتی ئەوە دەکات. لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و کاری ڕۆژنامەنووسی زۆر بۆ ئاشکراکردنی شێوازە جیاوازەکانی کورتهێنانی دیموکراسی، چۆنیەتی کارکردنی تۆڕەکانی چاودێری و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون (Cornish 2021; Mamshai 2022; Saleem & Skelton 2020). لە هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە بەهۆی جەنگ و ناکۆکییەکانەوە دەناڵێنێت، هونەر، کولتوور و زمان وەک توخمگەلی گرنگی گەشەکردنی کۆمەڵگە و نەتەوەسازی بەتەواوی ناناسرێن. بۆیە کەرتی کولتووری بە گەشەنەکردوویی ماوەتەوە، هەرچەندە لە شارێکەوە بۆ یەکێکی دی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ژمارەیەکی کەم شوێنی گشتی و گەلەری بۆ گەنجان و هونەرمەندانی ئاواتخواز بەردەستن بۆ ئەوەی ئیشەکانیانی تێدا نمایش بکەن. لە ئەنجامدا، زۆرینەی پێشانگە و پڕۆژە هونەرییەکان خۆیان پارە دابین دەکەن یان لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک پەیمانگەی گۆتە و ئینستیتیوتی فەڕەنسییەوە کۆمەک دەکرێن.

سەرەڕای ئەوەی پڕۆژەکەمان سەرنج دەخاتە سەر هونەری فێمێنیستی و چالاکیگەری، بەڵام هەموو ئەوانەی بەشداری ۆرکشۆپەکانیان کردوە خۆیان وەک فێمێنیست ناناسێنن، لە ڕاستیدا هەندێک لە بەشداربووان بەمەبەستەوە ئەو بەشە لە ناسنامە (ی سیاسی) لە ئیشەکانیان دادەبڕن. باڵا ئەحمەد هونەرمەندی دانیشتووی هەولێر، بە خۆی یان هونەرەکەی ناڵێت ‘فێمێنیست’ چونکە ئەو پێی وایە ئەمە گەیشتن بە کارەکەی سنووردار دەکات. ”لەبەرئەوەی کارەکەم لەبارەی ژن، ئاین و کۆنەخوازییە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، زۆر کاردانەوەی نەرێنیم لەلایەن ئیسلامییەکانەوە پێگەیشتووە، تەنانەت بەبێ ئەوەی بە کارەکەم بڵێم هونەری فێمێنیستی” (باڵا ئەحمەد، هەولێر، ١٦ی نیسانی ٢٠٢٢).

دوو هونەرمەند و فیلمسازی گەنج کە ئێمە دوای ۆرکشۆپەکان چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردن، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کارەکانیان بەڕێی ئەزموونەکانیانەوە وەک ژن ناسێنراوە بەڵام ئەوان بە خۆیان ناڵێن ‘فێمێنیست’. هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کەوا چۆن ئەم زاراوەیە بارگاوی کراوە، هەندێکی دیکە هیچی تر باوەڕپێکراو نییە بەهۆی بە ئێنجیئۆکردنی (Jad 2004) فێمێنیزم لە کوردستانی عێراق، کە دەبینن ژنانی ڕێکخراوەکانی نزیک لە پارتە دەسەڵاتدارەکان بڕێکی گەورەی پارە هەڵدەلوشن و کاریگەرییەکی کەمیشیان لەسەر ژنان دەبینرێت (Mojab 2007). هێڤی و ڕێژوان دوو چالاکوانی فێمێنیستی خۆشانازن کە بەشدارییان لە ناڕەزاییە خێرا بڵاوەپێکراوەکانی فێرخوازان لە پایزی ٢٠٢١دا کردووە (Yuan & Menmy 2021) گێڕایانەوە کەوا چۆن لە زانکۆکەیاندا بەبەردەوامی  ڕەخنەیان لێ‌گیراوە و پێیان وتوون ”لێزبیەنەکان ڕقتان لە پیاوانە”، چونکە ئەوان بە خۆیان وتووە فێمێنیست- چالاکوانە گەنجەکان بە ئێمەیان وت ”فێمێنیزم لێرە بوونی نییە، تەنیا نوخبەی ژنانی ڕێکخراوەکان هەن” (چاوپێکەوتن، هەولێر، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢).

بەڕوونی شێوەی جیاوازی فێمێنیزم لە هەرێمی کوردستان هەن. ڤییەننا سەلام چالاکوانی فێمێنیستی، مامۆستا و وەرگێڕ دانیشتووی هەولێر دیمەنی فێمێنیستی لەسەر پارچە کاغەزێک بۆ ئێمە کێشا، پیشانی دا کەوا چۆن ‘فێمێنیستی حیزبی’، ‘فێمێنیستی حکوومی’، ‘فێمێنیستی ڕێکخراوەکان’ و چالاکوانە سەربەخۆکان (لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان) و هونەرمەندان لەنێو ژینگەیەکی دابەشبووی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پێشبڕکێ یان هاوکاریی دەکەن

Bala Ahmed with her painting ‘A tespih wants to cover me’, acrylic on canvas, 2021.

هەروەها بەشداربوانی ۆرکشۆپەکە باسیان لە زیادبوونی کاریگەریی حیزبە ئیسلامییەکان لەناو ڕووبەری کار و چالاکییەکانیاندا کرد. دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧ و ئەو قەیرانە سیاسیانەی بەدوایدا هات، حیزبە ئیسلامییەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی/دادگەری کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان هەوڵیاندا بۆشایی سیاسی پڕ بکەنەوە و گەنجان، بەتایبەتی کچانی گەنجیان لە ڕێگەی رێکخستنی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان و ڤیستیڤاڵی حیجاب/باڵاپۆشی کە زیاتر لە هەزار کچی گەنجیان بانگێشت کرد بوو، کردە ئامانجی خۆیان. هەروەها پشتیوانی ئاینی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاودەکرێتەوە، کە پەخشی ڕاستەوخۆی مەلاکان و بەکارهێنەرانی یوتیووب، کۆنەخوازی ئیسلامی بڵاودەکەنەوە. هونەرمەندان، فێمێنیستان و چالاکوانانی LGBTIQ+ کە لەم ساڵانەی دواییدا شوێنێکیان بۆ خۆیان گرتووە، ڕاستەوخۆ بەڕێی ئەم کاردانەوە کۆنەخوازانەوە کاریگەرییان لەسەر دادەنرێت و ئەوان نیگەرانن لەو شێوازەی کە تێیدا هێزە کۆنەخوازەکان  هەرچی زۆرتر فەزای گشتی و  باسەکان لەبارەی مافەکانی ژنان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. لە سەروو هەموو شتێکەوە، بەشداربووان  نیگەرانی شێوە زۆر و جیاوازەکانی توندوتیژی و زاڵبوونی پیاو لە هەرێمی کوردستان بوون؛ لە پیاوبێژی (mansplaining) و چاودێریکردنی لەش و سێکسوالێتی ژنانەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی ژنانی کوژراو.

لە ئازاری ٢٠٢٢دا، ماریا سامی لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێریی نێودەوڵەتی لەلایەن براکەیەوە کوژرا. ئەو هونەرمەند بوو و لە ڕێگەی هەردوو پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هونەرەوە پشتیوانی لە مافەکانی ژنان دەکرد. یەکەم گۆرانی ئەو بەناوی ”قەت لەبیرت نەچێت” بوو کە دوای کوشتنی بۆ یەکەم جار پەخشکرا. کوشتنەکەی تووڕەییەکی زۆری لێکەوتەوە لە دژی ژنکوژیی لە هەرێمی کوردستان، نەک تەنیا بەهۆی هۆڤێتی کوشتنەکەیەوە بەڵکوو لەبەرئەوەی ماریا لە زۆر ڕووەوە کەسێکی گەنجی نموونەیی بوو- جگەرەی دەکێشا، گۆرانی دەوت، ڤیدیۆی پۆست دەکرد (هەندێکیان پەیامی سیاسی لە پشت بوو)، هەروەها بەها کۆمەڵایەتییە کۆنەخوازەکانی ڕەتدەکردەوە. شۆخان حەمەڕەشید ئەحمەد ڕاوێژکاری یاسایی و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاوکاریی یاسایی ژنان لە سلێمانی ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە نزیکەی ٥٠ ژن لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٢دا کوژراون. ”هۆکارەکانی ئەم زیادبوونە بەرچاوە لەبەر ئەوەیە دامودەزگاکانی حکوومەت و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان گرنگی بە کەیسەکانی ژنان نادەن، بۆ نموونە کەیسێک لایەنی کەم ٢ تا ٣ ساڵی دەوێت تاکوو لە دادگە گوێی لێ دەگیرێت. هەروەها ڕێژەیەکی بەرزی چەک لە بەردەستی هاووڵاتیانی مەدەنی هەیە و میدیاش ڕۆڵێکی نەرێیی دەگێڕێت ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک ستایشی بکوژ بکەن و قوربانییەکە تۆمەتبار بکەن” (شۆخان حەمەڕەشید ئەحمەد، ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢).

زۆرێک لە ئیشە هونەرییەکان و شێوەکانی چالاکیگەری لە هەرێمەکەدا بەم بابەتەوە خەریکن، هەندێکیان لە بلۆگ پۆستی پێشوومان ئاماژەیان پێدراوە. هونەرمەند ئەحمەد نەبەزیش لە پێشانگە تازەکەیدا ‘بێناونیشان’ ژنکوژی لە هەرێمی کوردستان بەکێشە کردووە- ئینستەڵەیشنەکەی کێلی گۆڕستان پیشان دەدا کە ژمارەیان لەسەرە بەبێ ناو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕە بێناونیشانەکانی قوربانییانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و زایەند. ئەم کێشەیە لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانیشەوە باسکراوە و ساڵێک لەمەوبەر بڕیاری دا ناوی قوربانییەکان بۆ ئەو گۆڕانە زیاد بکرێت. هەرچەندە هەندێک لە سیاسییەکان کاتێک ژنێک دەکوژرێت نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام زۆرینەی کات وشەکانی ئیدانەکردن بەبەتاڵی دەمێننەوە و هەموو کردارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە هەرێمی کوردستان ناتەواون- ئەمەش بۆ بەشداربووانی ۆرکشۆپەکانمان ڕاستییەکی تاڵە.

لە ماوەی ۆرکشۆپ و چاوپێکەوتنەکانماندا، هەستێکی هاودژمان هەبوو لە نێوان هەستی لەنگیی بێهیوایی و چەقبەستن لە لایەک و هەستی تەقینەوەی داهێنان و پاڵنانی بەردەوام بۆ شوێنگەلی زیاتر بۆ گەنجان، هونەر و چالاکیگەری فێمێنیستی لە لایەکی دیکەوە. جووڵەیەک هەیە ڕووەو ئافراندنی ڕایەڵە و پلاتفۆڕمی سەربەخۆ بۆ گەنجانی هاوبیر. نموونەی ئەوە بریتییە لە ماڵپەڕی مینێرڤا، دەستپێشخەرییەکی تاراوگە-نشینە لە ٢٠٢١ دامەزراوە و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هونەرمەندانی گەنج و ڕۆشنبیرانی کوردستاندا هەیە. شادیار شۆڕش یەکێک لە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە، فێرخواز و وەرگێڕ لەکاتی دوایەمین گفتوگۆمان لە ۆرکشۆپی سلێمانی وتی ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگۆڕاوە، ئەوان بۆ باشترکردنی دۆخەکە هیچیان نەکردووە. ئەوە ئێمەین گەنجان و کۆمەڵگە دەبێ بیرۆکەکانمان، جیهانبینییە کۆنەخوازەکانمان و شێوازەکانی خۆ ڕێکخستنمان بگۆڕین” (شادیار شۆڕش، سلێمانی، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢).


This blog post introduces the Academic Collaboration project ‘The Kurdistan Region of Iraq Post-ISIS: Youth, Art and Gender‘, carried out in collaboration with the University of Kurdistan Hewlêr and Culture Project. Isabel Käser is Principal Investigator on the project and Houzan Mahmoud is a Consultant.

Header image credit: Rooz Muhamad, ‘healing and scars’, acrylic and charcoal on MDF, 2017.

Print Friendly, PDF & Email

About the author

Isabel Käser

Isabel Käser is a Visiting Fellow at the LSE Middle East Centre and postdoctoral researcher at the University of Bern. She is the author of The Kurdish Women’s Freedom Movement: Gender, Body Politics and Militant Femininities, published in 2021 by Cambridge University Press. She is also the Principal Investigator of the project entitled ‘The Kurdistan Region of Iraq Post-ISIS: Youth, Art and Gender’.

Houzan Mahmoud

Houzan Mahmoud is a Kurdish feminist writer, public lecturer and activist. She is the co-founder of Culture Project, a project formed to raise awareness about feminism and gender in Kurdistan and the diaspora. She tweets at @HouzanM

Posted In: Iraq | Kurdistan

Leave a Reply

Bad Behavior has blocked 2573 access attempts in the last 7 days.