ئیزابێل کایسەر و هۆزان مەحموود
لە حوزەیرانی ٢٠٢١دا، پێشانگەی ”ژێرزەمین” لە شاری سلێمانی کرایەوە، لەوێدا ئیشی نەوەی گەنجی هونەرمەندانی فێمێنیستی تێدا نمایش کرا بوو، هەروەها پرسیارگەلێکی لەبارەی ژنێتی لە کۆمەڵگەی کوردی( باشووری کوردستان) هێنابووەگۆڕێ. نیگا سەلام ڕێکخەری پێشانگەکە وەک بەشێک لە “بزووتنەوەیەکی نوێ”، “ڕوانگەیەکی نوێ” لەبارەی پێشانگەکەوە قسەی کرد، بۆیە ئیشە هونەرییەکانی نمایشکراون بەمەبەستەوە ڕووبەڕووی تابۆ هەبووەکان دەبنەوە، سەرنج دەخەنە سەر کێشەگەلی کاریگەر لەسەر جەستەی ژن: نەشتەرگەری جوانکاری، بەها کۆنەخوازە جێندەرییەکان، مۆرلێدان و خاوەندارێتی جەستە و ئامادەیی ژن لە شوێنە گشتییەکاندا.
ئەم پێشانگەیە بەشێکە لە بزاوتێکی فراوانتر: سەرهەڵدانی هونەری هاوچەرخ کە زێدەتر بەڕێی ڕوانگە فێمێنیستییەکانەوە دەناسرێتەوە. هونەرمەندەکان، کە زۆرینەیان بەشدارن لە پڕۆژە هاوبەشەکەمان هەرێمی کوردستانی عێراق پاش داعش: گەنج، هونەر و جێندەر، هەموویان زمانێکی بەهێزی وێژەیی و بینەکی بۆ گۆزارشتکردن لە پیاوسالاری، کۆنەخوازیی ئاینی، سەرمایەداری، هێرشی هۆڤییانەی داعش بەکاردەهێنن، هەروەها چۆن ئەم کارلێکانە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی ژنان بۆ شوێن، ناسنامە و سێکسوالێتی دەبێت. ژمارەیەکی گەشەکردوو لە پیاوانیش لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی (فێمێنیست)یەوە نیگار دەکێشن، نمایش دەکەن و ڕەخنە لە پەیوەندییە جێندەرییە کۆنەخوازەکان دەگرن. بۆ نموونە، هونەرمەند دیاکۆ خاتوون لە شاری دهۆک لەبارەی ئیشەکەیەوە دەڵێ: “لە ڕووی مێژووییەوە کاتێک پیاوان دەسەڵاتیان گرتە دەست، ژنانیان سڕییەوە، بۆیە ژنان یەکەم قوربانیی دەسەڵاتی پیاون. کاتێک دەبینم دایکم، خوشکەکانم و ژنانی دیکە ژیانێکی بێداد دەژین، ئەوا تێکۆشان دژ بە نادادییەکان دەبێتە دۆزی من” (دیاکۆ خاتوون، ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١).
ئەم شێوەیە لە بەرهەمهێنانی زانینی هونەری دەکرێ بگەڕێنرێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، کاتێک هونەرمەندان بابەتەکانی وەک ناسنامە، ئازادی و جێندەریان لە ئیشەکانیاندا بە کێشە کرد ژنە هونەرمەندەکان لە ١٩٩٠ەکاندا لە کوردستان ڕەنگە زاراوەکەیان بەکارنەهێنا بێت، بەڵام ئەوان ئیشی هونەری فێمێنیستییان بەرهەمهێناوە، هونەریان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی ئەو نادادییانەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە بەهۆی ژنبوون، فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، جەنگەکان، سزاکان، هەروەها هێرش و داگیرکارییەکان (مەحموود ٢٠٢١). لەو کاتەوە و بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، ژنە هونەرمەندەکان لەوانە ڕۆژگار مستەفا، پۆشیا کاکل، ڕێزان بەتولە، ساکار سلێمان، ئاڤان عومەر و کانی کامیل گەشەیان بە دەنگگەلێکی هونەری جیاواز و تازە داوە. ئاڤان عومەر ڕوونی کردەوە: ”بۆ من وەک هونەرمەند، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کە پێیەوە خەریکم جێندەرە، چونکە کۆمەڵگە هەموو سنوورەکانی بە دەوری تۆدا وەک ژن کێشاوە، تۆ دەچەوسێنێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان پێویستە. من شەڕ و لێکۆڵین لەو سنوور، تابۆ و جیاکارییانە دەکەم و بەرخۆدانی خۆم بەڕێی هونەرەکەمەوە دەردەبڕم” (ئاڤان عومەر، ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢١).
لە ئێستادا، کێشەی گەنجانی هەرێمەکە و خولیاکانیان جێگەیەکی زۆر گرنگتری لەناو بەرهەمهێنانی هونەری هاوچەرخدا گرتووە. پڕۆژەی مێینەی هونەرمەندی دانیشتووی سلێمانی تارا عەبدوڵا بریتییە لە ئینستەڵەیشنێک بەدرێژایی ٤٨٠٠ مەتر هەڵواسینی پارچه جلی ٩٩٦٧٨ ژن، کچانی گەنج و منداڵ كه دەربازبووی توندوتیژین لەسەر بنەمای جێندەر و زایەند. ئینستەڵەیشنەکە یەکسەر ناکۆکی لەگەڵ خۆیدا هێنا و بۆ ماوەیەکی زۆر نەمایەوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەهێز بوو بە سیمبوولێکی دیار بۆ نیشاندانی ئەوەی کە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و زایەند لە کۆمەڵگەی کوردی هەرێمی کوردستان چەند بەربڵاوە. هونەرمەندێکی گەنجی دیکە لۆنا دەروێش تازە گرافیک-ڕۆمانێکی بڵاوکردۆتەوە کە چیرۆکی فاتێ و گەشتەکەی بۆ گەڕان بەدوای دادپەروەری دەگێڕێتەوە دوای ئەوەی کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. لۆنا لەبارەی ڕوانگە فێمێنیستییەکەیەوە دەڵێ: ”من هەست دەکەم کە ئەرکێکم هەیە بۆ کارکردن لەسەر کێشەکانی ژنان، لێرە هەموو ڕووەکانی ژیانی گشتی لە هەموو کاتێکدا لە لایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوان نۆرم و ئەکتەری کاران” (لۆنا دەروێش، ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢١).
هەرێمی کوردستانی عێراق، هەرێمێکە کە نەک تەنیا نەوە جیاوازەکانی هونەرمەندانی فێمێنیست بەبەردەوامی داواکارییان بەرزکردۆتەوە و شوێنی گێڕانەوە ئەڵتەرناتیڤەکانیان فراوانتر کردووە، بەڵکوو شوێنێکیشە کە گەنجان زۆر بەفراوانی لەبارەی چەوتەوێنای پارتە سیاسییەکان ڕەخنەدەگرن و دەنگ هەڵدەبڕن. دوای ئەوەی لە ٢٠١٩ دا ناڕەزاییە توندوتیژەکان عێراقی گرتەوە و لە ئەنجامدا پتر لە ٦٠٠ خۆپیشاندەر کوژران، حکوومەتی عێراق هاوشان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەڵێنیان دا کە ئاڵنگاری و شیمانەکان دیاری بکەن و کاری لەسەر بکەن کە لەلایەن بەشێکی گەورەی گەنجانی وڵاتەوە دانراوە، بەڵێنێک کە تاکوو ئێستاش جێبەجێ نەکراوە (سیروان ٢٠٢١). ”وەک بەشەکانی دیکەی عێراق، گەنجانی هەرێمیش بەڕێژەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری قەیرانی ئابووری و ستەمی سیاسیدان. بێکاریی گەنجان لە هەڵکشاندایە، لە کاتێکدا کەناڵە سیاسییەکان بۆ دەربڕینی بێهیوایی گەنجان داخراون. لەناو دیارنەمانی دەرفەتەکان و جێبەجێنەبوونی خولیاکاندا گەنجانی کوردستان زێدەتر لە دامەزراوە فەرمییەکان و ڕەوتی سیاسی دادەبڕێن” (Jiyad, Küçükkeleş & Schillings 2020, 10). گرنگە تێبینی ئەوە بکرێت کە سەرەڕای ئەوەی بەڕاستی جێگەی سیاسی بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستانی عێراق سنووردارە، بەڵام دۆخەکە وەک بەشەکانی دیکەی عێراق خراپ نییە و هەموو کەناڵەکانی دەربڕین دانەخراون. ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای ئەو پێشدانراوە دامەزراوە کە سەرەڕای ئاستەنگە دیارەکان، گەنجان ڕێگەی تازە بۆ چێکردنی شوێن بۆ بەشداریی سیاسی و کولتووری دەدۆزنەوە.
بەهۆی جەمسەربەندی مەیدانی سیاسی، کە کاریگەری لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنانیش داناوە، بەتایبەتی ژنانی گەنج بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستیان بە خۆ-ڕێکخستن کردووە. لە سلێمانی گروپی ‘کچانی سۆفیا’یان دامەزراندووە، کە کۆمەڵەیەکی ژنانی گەنجە وەک گروپی خوێندنەوە کارایە و هەروەها سیمینار و کۆنفڕانس بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی کێشەکانی پەیوەندیدار بە جێندەر ڕێک دەخەن. دەستپێشخەرییەکی دیکەی خوێندنەوەی ژنانی گەنج بەناوی ‘ڕۆناهی’ تازە لە ئاکرێ دامەزراوە. فاتمە حاجی، یەکێک لە هاو-دامەزرێنەرانی دەستپێشخەرییەکە ڕایگەیاند: ”ئێمە وەک گروپێکی خۆ-فێرکەر بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و پەروەردەکردنی خۆمان بەڕێی کتێبە ئەدەبی و تیۆرییەکان دامەزراین. ئێمە وەک کچان بەڕێی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەوڵدەدەین لەناو ژینگەیەکی کۆنەخوازانەدا خۆمان بەهێز بکەین” (فاتمە حاجی، ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١).
ئەم پڕۆژە هاوبەشە نوێیە لە نێوان سکوڵی لەندەن بۆ زانستە ئابووری و سیاسییەکان، زانکۆی کوردستان/هەولێر و پڕۆژەی کولتوور بەڕژدییەوە شیمانەی گەنجان و بەرهەمهێنانی هونەریی بەهەند وەردەگرێت بۆ ئافراندن
و ئاوەڵاکردنی شوێنگەلێکی پتر جێندەر-یەکسان و لەخۆگر، لێکۆڵین لەبارەی ئەوەی ئەمە چۆن لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئەمڕۆدا دەور دەگێڕێت، هەرێمێک کە سەرنجەکان زیاتر لەسەر شەڕە هەرێمییەکان و ڕکەبەرکێ سیاسییەکانە.
This blog post introduces the Academic Collaboration project ‘The Kurdistan Region of Iraq Post-ISIS: Youth, Art and Gender‘, carried out in collaboration with the University of Kurdistan Hewlêr and Culture Project. Isabel Käser is Principal Investigator on the project and Houzan Mahmoud is a Consultant.
Header image credit: Chinar Ali, ‘Pleasure’, video installation, the basement of Amna Suraka, Sulaymaniyah, 2021.